گۆشەیەک بۆ چاندنی عەشقی خوێندنەوە لە دڵی منداڵاندا

گۆشەیەک بۆ چاندنی عەشقی خوێندنەوە لە دڵی منداڵاندا

ساڤیا بەختیار خدر

خوێندنەوە تەنها گەڕان نییە بەناو دێڕەکاندا، بەڵکو گەورەترین دیارییە کە بتوانین پێشکەشی نەوەی نوێی بکەین.

باخچەی وایز وەک ناوەندێکی زیندوو، بڕیاریدا لە سوچێکی تایبەتی دامەزراوەکەدا، جیهانێکی بچووک و ڕەنگاوڕەنگ بۆ منداڵان دروست بکات بە ناوی گۆشەی (کتێبێک بێنە و کتێبێکی نوێ ببە) فەلسەفەی ئەم گۆشەیە ئەم شوێنە تەنها ڕەفەیەکی سادە نییە، بەڵکو ناوەندێکی ئاڵوگۆڕی کلتوورییە کە لەسەر بنەمای "متمانە و بەخشین" دامزراوە. یاساکە لای ئێمە زۆر سادەیە: "کتێبێک بێنە و کتێبێکی نوێ ببە ". ئەم بیرۆکەیە کۆتایی بەو چەمکە هێناوە کە دەڵێت خوێندنەوە تێچووی زۆرە، لێرەدا مەعریفە بەخۆڕاییە و هەموو کەسێک دەتوانێت سوود لەو سەرچاوە جیاوازانە وەربگرێت کە هاوڕێکانی تر پێشکەشیان کردووە. بۆچی ئەم گۆشەیە تایبەتە؟ ئەم گۆشەیە تەنها بۆ کۆکردنەوەی کتێب نییە، بەڵکو وێستگەیەکە بۆ گۆڕینەوەی وزەی ئەرێنی. کاتێک کتێبێک لەوێ هەڵدەگریت، تۆ دەبیتە بەشێک لە زنجیرەیەکی مرۆییە، ڕەنگە ئەو کتێبەی لە دەستی تۆدایە، پێشتر گۆڕانکاری لە ژیانی کەسێکی تردا کردبێت و ئێستاش چاوەڕێی تۆیە. ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم دەسپێشخەرییە:

١_ بەهێزکردنی گیانی بەخشین: کاتێک منداڵێک چیرۆکێکی خۆی لەوێ دادەنێت، فێری ئەوە دەبێت کە بەخشین چەند جوانە و چۆن دەتوانێت دڵی هاوڕێیەکی تری پێ خۆش بکات.

٢_ دابینکردنی ژینگەیەکی منداڵانە: دروستکردنی سوچێکی دڵگیر و ڕەنگاوڕەنگ لە ناو باخچەکە کە منداڵ تێیدا هەست بە ئارامی و چێژ بکات.

٣_ دەستڕەسی ئاسان بۆ چیرۆکەکان: شکاندنی بەربەستەکان بۆ ئەوەی منداڵان بەبێ تێچوو بگەنە جیهانی چیرۆکەکان و بەردەوام سەرچاوەی نوێیان لەبەردەستدا بێت.

٤_ دروست کردنی هاوڕێیەتی لەگەڵ کتێب : ئامانجی ئێمە ئەوەیە منداڵ لە تەمەنێکی بچووکەوە ڕووبکاتە کتێب و وەک باشترین هاوڕێی خۆی بیبینێت، نەک وەک ئەرکێکی قورسی خوێندن.

کۆتایی گۆشەی کتێب گۆڕینەوەی منداڵان لە باخچەی وایز، بانگهێشتنامەیەکی کراوەیە بۆ هەموو دایکان و باوکان تا منداڵەکانیان ئاشنای ئەم کلتوورە جوانە بکەن. ئەگەر منداڵەکەت چیرۆکێکی هەیە کە خوێندوویەتییەوە و دەیەوێت بە چیرۆکێکی نوێ بیگۆڕێتەوە، سەردانی سوچە تایبەتەکەمان بکەن؛ با پێکەوە نەوەیەک پێبگەیەنین کە عەشقی خوێندنەوە لە خوێنیدا بێت

ئامادەکردنی : سۆنیا جەمال ڕۆستەم