بیر بکەرەوە ئەگەر ڕۆژێک یەکێک لە قوتابیەکانت سەیری لاپەرەیەکی نوسراو بکات و سەرجەم پیتەکان و وشەکان لە مێشکی ئەودا تێکەڵی یەکدی بووبن و نەتوانێت بیانخوێنیتەوە، هەستت چۆن دەبێت؟ ئەم ناڕوونیە لە نوسیندا لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە ڕەنگە لە تێڕوانینی ئەم قوتابیەدا پیتەکان بجوڵێن، پێچەوانە ببنەوە، یاخود شوێنیان بگۆڕێت، لە کاتێکدا لە تێڕوانینی قوتابیانی ترەوە ئاسایین. ئەم گرفتە لە زانستدا بە ( دیسلێکسیا – dyslexia ) ناسراوە. (دیسلێکسیا) نەخۆشی نیە تاکو چارەسەر بکرێت، بەڵکو گرفتێکی فێربوونە کە پێویستی بە هاوکاری و پاڵپشتی دایکوباوک، مامۆستایان، و کۆمەڵگە هەیە. لە قۆناغە سەرەتاییەکانی خوێندندا دەکرێت ئەو قوتابیانەی دیسلێکسیایان هەیە کاریان لەسەر بکرێت و ببنە داهێنەر و کەسانی کاریگەر لە کۆمەڵگە و پڕۆسەی فێربووندا. لێرەوە ئەو پرسیارە دەخەینە بەر باس کە" ئەو هەنگاوانە چین کە لە ڕێگەیانەوە دەتوانین کار لەسەرقوتابیانی دیسلێکسیا بکەین؟" کۆمەڵێک ڕێگەی جیاواز و کاریگەر هەن وەکو: بەکارهێنانی هێڵکاری، هاندان بۆ نوسین جگە لە نوسینی سەر بۆرد، کۆکردنەوەی ڕێگەکانی وتنەوەی هەمان بابەت بەڵام بە هەستە جیاوازەکان، دابەشکردنی داواکاریەکان بۆ هەنگاوی بچووکتر و زنجیرەیی، و پاراستنی سەلامەتی دەروونی قوتابییەکە. مەبەست لە بەکارهێنانی هێڵکاری دانانی نوقتە و هێڵ و هێماکانە بۆ گەشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو، بۆ نموونە نوسینی پیتی ( M,A,G..) و سەرجەم پیتەکانی تر دەکرێت لە ڕێگەی دانانی خاڵەوە بێت تاکو قوتابیەکە بەسەر خاڵەکاندا بێتەوە و بینوسێت. هەمان ڕێگە بۆ نوسینی ژمارەکانی بیرکاریش ڕاستە. هاندان بۆ نوسین جگە لە سەر بۆرد کاریگەری ئەرێنی بەرچاوی هەیە لە یارمەتیدانی قوتابیان، بۆ نموونە نوسین لەسەر (لم) یاخود دەکرێت ( ماگنێت- موگناتیس) بەکاربهێنێت بۆ دروستکردنی وشە و ڕستە. پاشان وێنەی ئەو وشەیە نیشانی قوتابی بدرێت و دەستی لێ بدات و گوێی لە دەنگی ئەو شتە بێت کە خۆی دروستی کردووە. لە هەمانکاتدا گرنگە کە پەستانی زۆر نەخرێتە سەر قوتابی و هەنگاو بە هەنگاو ئەرکەکانی پی بسپێردرێت بۆ پاراستنی هاوسەنگی بیرکردنەوە و لایەنی دەروونی.
( دیسلێکسیا وێنەیەکی شێواو نییە، تەنها بەشێکی شێواوە لە وێنەیەکی جوان و هەرگیز نابێتە مۆتەکەی فێربوون)




