Spelling Bee (سپێڵینگ بیی )

Spelling Bee (سپێڵینگ بیی )

ساڤیا بەختیار خدر

چالاکی (سپێلینگ بیی) بریتییە لە چالاکییەکی زانستی و زمانەوانی، کە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی قوتابیان لەڕێنووس و وشە سازیدا، هەروەها ئەم چالاکیە هانی قوتابی دەدات کە توانای بیرەوەری و متمانە بەخۆبوونی باشتربێت لەڕێی هەوڵدانی لەوکاتەی پێی دەدرێت بۆ خۆ ئامادەکردن.

لە (وایز)، (سپێلینگ بیی) وەک چالاکیەکی زنجیرەیی زانستی زمانەوانیە ساڵانە ئەنجام دەدرێت؛ ئامانجی پەرەپێدان و رەخساندنی ژینگەیەکی پێشبرکێی زانستی و زمانەوانی زمانی ئینگلیزیە بۆ قوتابیان . قوتابخانە ئامادەکاری و ڕێکخستن بۆ چالاکییەکە دەکات تاکو ئەزموونێکی دادپەروەرانە و سەرنجڕاکێش بۆ هەموو بەشداربووان فەراهەمبکرێت. شێوازی جێ بەجێکردن: لە قۆناغی یەکەمی ئەم چالاکییەدا بەشداریکردن بۆ سەرجەم قوتابیان کراوە و ئارەزوومەندانەیە کە لیستێک وشەی دیاریکرا و ئامادەکراو پێشکەش بە قوتابیانی بەشداربوو دەکرێت، دواتر بە شێوەی تۆمارکراو وشە ئامادەکراوەکان لە نێو پۆلەکاندا بۆ قوتابیان لێدەدرێت؛ ئەوانیش لە ڕێگەی نووسینەوە تاقیکردنەوەیەکی شایستە بەچالاکیەکە ئەنجام دەدەن. لە کۆتایدا ئەو قوتابیانەی بەرزترین نمرە لە هەڵسەنگاندنەکەدا بەدەست دەهێنن دەچنە قۆناغی داهاتوو. لە قۆناغی دووەمی چالاکییەکە لیستێک لە وشە، کە لە بڕگەی ئاسانەوە بۆ ئاڵۆز ڕیزبەند کراوە، بە پێی قۆناغەکان پێشکەش بەو قوتابیانە دەکرێت کە توانیویانە لە بەشی یەکەمی چالاکییەکەدا سەربکەون، واتا ئەو قوتابیانەی لە قۆناغە سەرەتاییەکانی خوێندندان ژمارەی وشەکانیان کەمترە بەراورد بە قۆناغەکانی سەرووتر. سەرجەم قوتابیانی سەرکەوتوو کاتێکی باش و گونجاویان پێدەدرێت تاکو بتوانن ڕاهێنان بکەن و خۆیان بۆ کۆتا هەنگاوی چالاکییەکە ئامادەبکەن کە برتییە لە لەبەرکردن و ناسینەوەی ئەو وشانەی وەریانگرتووە. لە کاتێکدا کە قوتابییە ئازیزەکانی (وایز) خەریکی ئامادەکارییە جدییەکانی خۆیانن، ئێمەش بە شێوەیەکی پێکەوەیی ئاڵوگۆڕی بیروڕا دەکەین تاکو ستەیجێکی ڕازاوە و زانستییانە بۆ قوتابیان ئامادەبکەین. دوای تێپەڕبوونی چەندین چرکە، کاتژمێر، رۆژ و هەفتە، قوتابییە شییرینەکان ئامادەن و ستەیجە ڕازاوەکەی ئێمەش چاوەڕێیانە. دواجار بە ئامادەبوونی لیژنەیەکی دادوەری زانستی و چەندین میوانی ئازیزی دیکە چالاکییەکە دەست پێدەکات. لەسەر ستەیجەکە، قوتابیان گوێ لەو وشەیە دەگرن کە دادوەرەکان دەیخوێننەوە و ئەوانیش وشەکە پیت بە پیت دووبارە دەکەنەوە، پاشان سەرجەم پیتەکان پێکەوە دەلکێنن و وشەکە دەخوێننەوە. لە ئەنجامدا گەر هاتوو ئەو وشەیە هەمان ئەوە بێت کە دادوەرەکان پێشتر پێشکەشیانکردبوو ئەوا بە درووست هەژمار دەکرێت. ئێمە لە (وایز) هەوڵمانداوە بە شێوەیەکی زۆر نوێگەریانە و نموونەیانە تەواوی ڕێسا نێودەوڵەتییەکانی (سپێلینگ بیی) پەیڕەوبکەین. ئامانجمانە قوتابییە ئازیزەکانمان ئەو هەلومەرجە تایبەتانەیان بۆ بڕەخسێت کە تێیدا دەتوانن باشترین ئاستی پەروەردەی و زانستی خۆیان بەدەست بێنن.