لە کاروانی پەروەردە و فێربووندا، سەرکەوتنی ڕاستەقینە تەنها لە پێدانی زانیاریی ئەکادیمیدا نییە، بەڵکو لە پێگەیاندنی نەوەیەکی خاوەن بەها و بەرپرسیارە بەرامبەر بە کۆمەڵگەکەی. لەم سۆنگەیەوە، پڕۆژەی "ئێمە هاوکار و پشتیوانی تۆین" یەکێک لە پڕۆژە پەروەردەییە بەردەوامەکانی دامەزراوەکانی وایز (Wise) تیشک دەخاتە سەر چەسپاندنی گیانی هاوکاری و بەخشندەیی لە ناخی نەوەکانماندا، کە لە قۆناغی باخچەوە دەست پێدەکات و تا قۆناغی ئامادەیی بەردەوام دەبێت.
ئەم پڕۆژەیە نموونەیەکی ناوازەی پێکەوە بەستراوە ، کە تێیدا (منداڵان، مامۆستایان، کارمەندان ، و کۆمپانیای وایز ئەکادیمی) بەشێوەیەکی هاوبەش بەشدارن. هەموان پێکەوە و بەو بڕە پارەیەی کە لە توانایاندا هەیە و ئارەزووی بەخشینی دەکەن ، پاڵپشتی ئەم پڕۆژە خێرییە مەزنە دەکەن. جێگەی خۆشحاڵییە کە بە درێژایی ئەمساڵی خوێندن، لە ڕێگەی ئەم کەمپینە هاوبەشەوە توانیمان هاوکاری ١٣٢ نازداری بێباوک لە خوێندنگە حکومییەکاندا بکەین، بە پێدانی بڕی (٥٠،٠٠٠) دیناری مانگانە بۆ هەر منداڵێک؛ بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئەرکی سەرشانی بەخێوکارە دڵسۆزەکانیان و پاڵپشتیکردنی ئەم نازدارانە بۆ بەردەوامبوون لە پرۆسەی خوێندن و دابینکردنی پاشەڕۆژێکی گەش بۆیان .
بۆچی منداڵانی باخچە فێری بەخشین دەکەین؟ کاتێک لە باخچەکانی وایز کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاریی دارایی ڕادەگەیەنین، ڕەنگە جێگەی پرسیار بێت و لە خۆمان بپرسین: منداڵێکی تەمەن ٤ یان ٥ ساڵان چۆن لە چەمکی بەخشینی پارە تێدەگات؟ ئایا ئەمە بارگرانییە بۆ سەر شانی ئەوان و خێزانەکانیان، یاخود دەستپێکی گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە کەسایەتییاندا؟ ئامانجی ئێمە لێرەدا کۆکردنەوەی بڕە پارەیەکی زۆر نییە! بەڵکو بەکارهێنانی پارەکەیە وەک "ئامرازێکی فێرکاریی زیندوو" بۆ ئەوەی منداڵەکانمان لە بەها و گرنگیی بەخشین و دەستگرتنی کەسانی دیکە تێبگەن. لەم بلۆگەدا، تیشک دەخەینە سەر گرنگترین ئامانجە قووڵە پەروەردەیی و مرۆییەکانی پشت ئەم پڕۆژەیە: 🎯 ئامانجە پەروەردەییەکانی پڕۆژەکە بۆ منداڵانی باخچە: 🔴 ١. چاندنی ڕۆحی هاوکاری و قبوڵکردنی ئەوانی تر منداڵ لە تەمەنی باخچەدا، زیاتر هەستی خاوەندارێتی هەیە بۆ ئەو شتانەی لەبەردەستیدایە و بە بەردەوامی خۆی بە خاوەنی هەموو شتێک دەزانێت. ئێمە لە وایز، لە ڕێگەی ئەم پرۆژەیەوە منداڵەکان فێری بەخشینی بەشێک لەو شتانە دەکەین کە هەیانە (تەنانەت ئەگەر بڕێکی زۆر کەمیش بێت)، بۆ ئەوەی تێبگەن لە دەوروبەریاندا کەسانی تر هەن پێویستیان بە یارمەتییە. ئەم ڕەفتارە هاوکارێکی سەرەکییە لە چەسپاندنی بنەمای هاوسۆزی لە ناخی منداڵە شیرینەکانماندا. 🔴 ٢. گۆڕینی بەها ڕەوشتییەکانە لە "قسە"وە بۆ "کردار" ئێمە ڕۆژانە کار لەسەر منداڵەکان دەکەین و هانیان دەدەین لەسەر بنەماکانی وەک دڵسۆزی، بەخشندەیی و میهرەبانی؛ بەڵام ئەم کارکردنە پێویستی بە کرداری ڕاستەقینە و ڕاستەوخۆ هەیە. کاتێک منداڵەکان بە دەستە بچووک و نازدارەکانی خۆیان، ئەو بڕە پارەیەی کە لە توانایاندا بووە دەیخەنە سندوقەکەوە، بە چاوی خۆیان دەبینن کە چۆن لێهاتوویی و ڕەوشت بەرزی دەبێتە واقیعێکی بەرجەستە.
🔴 ٣. بنیاتنانی متمانە بەخۆبوون و هەستی شانازی هیچ شتێک هێندەی هەستکردن بە "من مرۆڤێکی کاریگەرم" متمانە بەخۆبوون لە ناخی منداڵدا دروست ناکات. کاتێک منداڵەکە سوپاس و پاداشت دەکرێت لەسەر ئەو کردارە گەورە و مەزنەی ئەنجامی داوە، و دەبینێت کە بەهۆی ئەو پارەیەی ڕۆژانە، هەفتانە، یان مانگانە دەیهێنێت و پاڵپشتی هاوڕێیانی دەکات، هەست بە شانازی و بەهای خۆی دەکات. ئەم هەستە ئەرێنییە پاڵنەرێکی مەزن دەبێت بۆ ئەوەی لە داهاتووشدا ببێتە تاکێکی بەسوود و چالاک بۆ خۆی و کۆمەڵگەکەی.
🔴 ٤. تێگەیشتن لە چەمکی ڕاستەقینەی دارایی و سوودبەخشین لەم ڕێگەیەوە، منداڵ تێدەگات کە پارە تەنها ئامرازێک نییە بۆ کڕینی ساردەمەنی، یاری، و ئەو شتانەی کە خۆی ئارەزوویان دەکات؛ بەڵکو فێری ئەوە دەبێت کە دەتوانێت بەو بڕە پارە کەمەی لەبەردەستیدایە، هاوکاریی کەسانی تریش بکات. ئەمە یەکەمین هەنگاوی پراکتیکییە کە وا دەکات منداڵ لە تەمەنێکی بچووکەوە، مانای 'هاوکاری پێشکەشکردن' بەو کەسانە تاقیبکاتەوە کە پێویستیانە.
🟥 ئێمە لە دامەزراوەکانی وایز، تەنها نەوەیەک پێناگەیەنین کە زانست بخوێنێت، بەڵکو دەمانەوێت نەوەیەک پێبگەیەنین کە "بەرپرسیارێتی مرۆیی و ئەخلاقی" هەڵبگرێت. دڵنیاین کە لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە و بە هاوکاری و دڵسۆزی بەردەوامی خێزانە بەڕێزەکان، دەتوانین ئەم جۆرە نەریتە جوانانە لە ناخی نەوەکانماندا بچێنین و پێکەوە پاشەڕۆژێکی پڕ لە میهرەبانی بنیات بنێین.




