ڕۆژی (٢١)ی شوباتی هەموو ساڵێک وەک ( ڕۆژی جیهانی زمانی دایک ) لە جیهاندا ناسێنراوە ، گەلان بە ڕێوڕەسم و چالاکی جیاواز زمانی دایک پیرۆز دەکەن وەک پاڵپشتییەک بۆ نوێبونەوە و بەردەوامی زمانی دایک .
بەپێی ڕاپۆرتێکی (یونسکۆ) حەوت هەزار زمان لە جیهاندا هەن ، هەندێکیان بە زمانە زیندووەکانی جیهان دانراون و هەندێکی تریان هەڕەشەی لەناوچونیان لەسەرە ، هاوکات زمانی کوردیش یەکێکە لە زمانە زیندووەکانی جیهان و ئێستا زیاتر لە ٤٣ ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهان قسەی پێدەکەن و بەکاریدەهێنن . بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی زمانەوانی لە ماڵپەڕی ئەی ئاڕ کەی تایبەت بە زمانەکانی جیهان ، زمانی کوردی ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ ( زمانە هیندۆ ئەوروپیەکان ) . زمانی کوردی ئێستا کۆمەڵێک دیالێکتی هەیە کە کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان قسەی پێدەکەن و پێی دەدوێن ، زمانی کوردی بەدیاریکراوی ٧٣٥ هەزار و ٣٢٠ وشە لە فەرهەنگە زانستی و وشەسازییەکانی جیهاندا تۆمارکراوە بە وشەی نوێ و دەستەواژەی دووبارەنەبوو ناسێنراون . بەتێکڕاش یەک ملیۆن و ٢٢٠ هەزار وشە لەخۆ دەگرێت ، کەلەدوای زمانی کۆری ، بە دەوڵەمەنترین زمان دادەنرێت لەڕووی وشەسازی و دەستەواژەوە . قوتابخانەکانی وایزیش ساڵانە بە گرنگیەوە لەم ڕۆژە دەڕوانن و چالاکی جۆراوجۆر ئامادەدەکرێت و لەلایەن مامۆستاو قوتابیانەوە پێشکەش دەکرێت . بۆ ئەم مەبەستە پێشوەختە سەرپەرشتیاری بابەتی کوردی کۆمەڵێک ناونیشانیان پێدەدات تاکو یەکێک لە ناونیشانەکان هەڵبژێرن و ئامادەکاری بۆبکەن لەو ڕۆژەدا وەکوسیمینارێک پێشکەشی ئامادەبووانی بکەن . دەبێت ئەوەش بوترێت کە مامۆستایانی کوردی ڕۆڵێکی کاریگەر دەگێڕن لە سەرخستنی ئەم چالاکییەدا. هاوکاری قوتابیان دەکەن و ڕایاندەهێنن ئامادەیان دەکەن تابتوانن بەباشترین شێواز ئەدای بابەتەکەیان بکەن . "وایز" هەمیشە هەوڵی پاراستنی زمانی کوردی داوە و هانی قوتابیانی داوە کەبەگرنگیەکی زۆرەوە لە زمانەکەی خۆیان بڕوانن . لەکۆتاییدا دەڵێین ، پاراستنی زمانی کوردی ئەرکێکی ئاینی و نیشتیمانی و نەتەوەیی و مۆڕاڵیە ، بۆیە گرنگە هەمووان بەژداربین لە پاراستن و هێشتنەوەی زمانەکەماندا ، ئەوە بزانە کە زمانەکەت ماڵتە ، ناسنامەتە ، بونتە ، شانازی و مێژوو و فەرهەنگی تۆیە . ( بۆیە پاراستنی زمانەکەمان دەستەبەری مانەوەمانە ) .




