سود و گرنگی وانەی وەرزش لەسەر قوتابی و خوێندنی قوتابی

سود و گرنگی وانەی وەرزش لەسەر قوتابی و خوێندنی قوتابی

ساڤیا بەختیار خدر

وانەی وەرزش یەکێکە لە گرنگترین وانەکان لە پڕۆگرامی خوێندن، چونکە کاریگەرییەکی زۆر باشی هەیە لەسەر تەندروستی جەستەیی و دەروونی قوتابی. وەرزش یارمەتیدەرە بۆ گەشەپێدانی ماسولکەکان و هێزی جەستە و پاراستنی دڵ و خوێن، هەروەها یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی کێشەی قەڵەوی و نەخۆشییەکان.

ئێمە لە (قوتابخانەی وایز دەروازەی بنەڕەتی) ئەم بابەتەمان بە هەند وەرگرتووە و چەندین مامۆستای پسپۆڕمان بۆ وانەی وەرزش تەرخانکردووە. جگە لەوەش، ساڵانە چەندین چالاکی وەرزشی و خول و پێشبڕکێی تایبەت بە قوتابخانەکەمان ئەنجامدەدەین. سەربارەی ئەوانەش، بەشدارین لە سەرجەم ئەو چالاکییانەی کە بەڕێوەبەرێتی پەروەردە یان بەڕێوەبەرێتی چالاکییە وەرزشی و هونەرییەکان ئەنجامی دەدەن. هۆی ئەم گرنگیدانەشمان لەو سۆنگەیەوەیە کە لە لایەنی دەروونیەوە، وانەی وەرزش کاریگەرییەکی باشی هەیە لەسەر کەمکردنەوەی فشاری دەروونی و نیگەرانی و یارمەتیدەرە بۆ زیادکردنی متمانە بە خۆ و ئارامی دەروونی. قوتابیەکانمان لە ڕێگەی وەرزشەوە فێری ڕێکخستنی کات و پەیوەندی کۆمەڵایەتیەکان و هاوکاری و ڕێزگرتن لە یاساکان دەبێت. هەروەها وانەی وەرزش کاریگەرییەکی باشی هەیە لەسەر ئاستی فێربوونی قوتابی، چونکە وەرزش هۆشیاری و چالاکی مێشک زیاد دەکات و وای لێ دەکات لە ناو خشتەیەکەی جەنجاڵی وانە زانستییەکاندا دەرفەتێک هەبێت بۆ خاڵیبوونەوەی وزەکان و چێژبینین. بەمەش قوتابی باشتر سەرنج بدات لە وانەکانی دیکە. بۆیە دەتوانین بڵێین وانەی وەرزش تەنها وانەیەکی جەستەیی نییە، بەڵکو وانەیەکی گرنگە بۆ دروستکردنی نەوەیەکی تەندروست و هۆشیار و چالاک.

ئامادەکردنی : کەیوان محمد