ئایا دەکرێت هەموو وانەیەکی زانست بە کرداری بکرێت؟ ئایا دەکرێت هیچ وانەیەک نەمێنیت کە تەنها تیۆری بێت؟ لە وانەی زانستدا ئامانجی مامۆستا تەنها گواستنەوەی زانیاری نییە، بەڵکو گرنگە قوتابی بتوانێت ئەو زانیارییە تێبگات و لە ژیانی ڕۆژانەیدا بەکاری بهێنێت. بۆ ئەمەش، کرداری کردن و بەشداری پێکردنی قوتابی لە وانەدا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە.
کاتێک قوتابی بەشداری لە چالاکییەکان دەکات، تاقیکردنەوە ئەنجام دەدات، مۆدێل دروست دەکات یان بەشێوەیەکی کرداری کێشەیەک چارەسەر دەکات، تەنها زانیاری وەرناگرێت، بەڵکو خۆی بەشێک دەبێت لە پرۆسەی فێربوون. ئەمەش وای لێدەکات بابەتە زانستییەکان باشتر تێبگات، تەنها بۆ تاقیکردنەوە زانیاریەکان ئامادە نەکات بەڵکو زیاتر لە یادەوەریدا بمێنێتەوە.
بۆیە پێویستە مامۆستا لە کاتی ئامادەکردنی وانەدا تەنها بیر لەوە نەکاتەوە کە ((چی بڵێم؟))، بەڵکو ئەوەش لەبەرچاو بگرێت کە ((قوتابی چی دەکات؟)) و (( چی بکەم تا قووتابیەکەم لەبەری نەکات بەڵکو فێرببێت)). چالاکییەکان نابێت هەمیشە ئاڵۆز بن. بەڵکو بەکارهێنانی کەرەستەی سادە و شتەکانی دەوروبەری قوتابی، دەتوانێت وانەکە بکاتە ئەزموونێکی بەسوود و نزیک لە ژیانی ڕۆژانە.
کرداری کردن لە وانەی زانستدا هەروەها دەرفەتێکە بۆ پەرەپێدانی تواناکانی بیرکردنەوە، چارەسەرکردنی کێشە، کارکردن بە گرووپ و بەکارهێنانی زانیاری لە بارودۆخی جیاوازدا. قوتابی کاتێک خۆی شتێک تاقی دەکاتەوە و ئەنجامەکەی دەبینێت، فێربوونەکە بۆی واتایەکی جیاواز و بەهێزتری دەبێت. وانەی سەرکەوتوو ئەو وانەیە نییە کە تەنها مامۆستا زۆر قسەی تێدا بکات؛ بەڵکو ئەو وانەیەیە کە قوتابی تێیدا بیر بکاتەوە، پرسیار بکات و فێرببێت. لە وایز، ئێمە باوەڕمان وایە زانست نابێت تەنها بیستربێت دەبێت ببینرێت و تاقی بکرێتەوە.
لە کۆتاییدا، هەموو پۆلێکی دەنگەدەنگ پۆلێکی بێکۆنترۆڵ نییە. هەندێک جار پۆلێکی زانست کە پڕە لە جموجۆڵ، پرسیار، گفتوگۆ و تاقیکردنەوە، دەتوانێت لە پۆلێکی بێدەنگ زیاتر کۆنترۆڵکراو و پڕتر بێت لە فێربوون.




