پەروەردەکردنی منداڵ لەسەر بەهاکانی ژینگەدۆستی، تەنها گۆڕینی ڕەفتارێکی کاتی نییە، بەڵکو چاندنی بنەمایەکی گرنگە بۆ داهاتووی کۆمەڵگە. لە چوارچێوەی پڕۆژە بەردەوامەکانی دامەزراوەکانی وایز بۆ گرنگیدان بە داهاتووی نەوەکانمان، لە قۆناغی باخچەی منداڵانەوە هەنگاوی کرداری و گەورەمان نا بۆ ئاشناکردنی منداڵە خۆشەویستەکانمان بۆ پاراستنی ژینگە و خۆشویستنی، ئەویش لە ڕێگەی
"پڕۆژەی ژینگەدۆستی" کە تێیدا تەواوی ستافی مامۆستایان، کارمەندان، خێزانەکان ، منداڵە ئازیزەکانمان بەشدارییان تێدا کرد.
ئێمە لە وایز، بە چەندین شێوازی جۆراوجۆر و داهێنەرانە پڕۆژەکەمان بە منداڵەکان ئاشنا کرد و کردمانە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەیان لە ڕێگەی ئەم هەنگاوە سەرەکییانەوە :-
🔸هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنەوە، سەرجەم منداڵەکان نەمامێکی تایبەتیان پێشکەش کرا تا ببێتە دیارییەک بۆ ماڵەوە و لەگەڵ خێزانەکانیاندا بیچێنن. ئەم هەنگاوە پردێکی پەیوەندیی بەهێزی لە نێوان باخچە و ماڵەوەدا دروست کرد بۆ گواستنەوەی کلتووری سەوزایی بۆ ناو خێزانەکان و چاندنی ئەم بەهایە لە دەروونی منداڵاندا🌳🌲.
🔸لە پێناو پاراستنی تەندروستیی منداڵەکانمان و پارێزگاریکردن لە ژینگەکەمان، لە ناو باخچەدا ڕێگریمان کرد لە بەکارهێنانی شتومەک و کەرەستە پلاستیکییەکان. هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا، منداڵە شیرینەکانمان فێری چۆنیەتی جیاکردنەوەی پاشماوەکان کرد وەک (کاغەز، پلاستیک و پاشماوەی خۆراک). بەمەش منداڵان بە کرداری فێربوون کە کەمکردنەوەی پاشماوەکان یەکەمین و گرنگترین هەنگاوی ژینگەدۆستییە.📑🗑️
🔸هانی منداڵەکانماندا بۆ دروستکردنی یاری و کاری دەستیی جۆراوجۆر لەو کەلوپەلانەی کە پێشتر بەکارهاتبوون وەک (کارتۆن، دەبەی پلاستیکییەکان... هتد). ئەم چالاکییە نەک تەنها یارمەتیدەرێکی گەورە بوو لە کەمکردنەوەی پاشماوەکان و پاراستنی زەوی، بەڵکو دەروازەیەکی گرنگیش بوو بۆ گەشەپێدانی خەیاڵ و بەهرەی داهێنانی منداڵەکان، کە فێربوون چۆن لە کەرەستەیەکی فڕێدراوەوە شتێکی بەسوود دروست بکەن.🧩
🔸 چاندنی گوڵ و چاودێریکردنی گەشەکردنیان لە ژێر چاودێریی مامۆستاکاندا، منداڵان پێکەوە چەندین شەتڵە گوڵی جۆراوجۆریان چاند و ڕۆژانە پێکەوە چاودێریی پرۆسەی گەشەکردنی گوڵەکانیان دەکرد و ئاویان دەدان. ئەم ئەزموونە هەستی خۆشەویستی بۆ سروشت و شانازیکردن بە بەرهەمی کارەکانیان لە دەروونیاندا قووڵتر کردەوە، کاتێک بە چاوی خۆیان دەیانبینی کە چۆن چاودێریکردنی بەردەوام دەبێتە هۆی گەشەکردن و گەیشتن بە جوانی.🪴🌱
🔸 هۆشیاری لە کاتی گەشت و سەیراندا (گواستنەوەی پڕۆژەی ژینگەدۆستی بۆ ناو سروشت) پڕۆژەکەی ئێمە تەنها لە ناو سنووری باخچەکەدا نەمایەوە، بەڵکو ڕەفتارەکانمان گواستەوە بۆ ناو سروشت. منداڵە شیرینەکانمان ڕاهێنا لەسەر پاراستنی ژینگە لەکاتی گەشت و سەیراندا؛ فێربوون لە دوای کۆتاییهاتنی کاتی گەشتەکەیان، بە دەستی بچووکی خۆیان پاشماوە و خۆڵ و خاشاکەکانیان کۆبکەنەوە و شوێنەکە بە پاکی جێبهێڵن. ئەمە وایکرد کە منداڵانی وایز لە هەر شوێنێک بن، وەک پارێزەرێکی ڕاستەقینەی سروشت ڕەفتار بکەن.🏕️🏝️🗑️
دەستکەوتەکانی 🌳پڕۆژەی ژینگەدۆستی 🌳ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی ستراتیژییەتی نەگۆڕ و دوورمەودای دامەزراوەکانی وایزە لە پێگەیاندنی نەوەیەک کە هەڵگری باوەڕێکی قووڵ و بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی، ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی بێت بەرامبەر بە پاراستنی سروشت و خۆشویستنی . لە وایز، پڕۆژەی ژینگە دۆستی تەنها بابەتێکی تیۆریی سنووردار نییە کە لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا بمێنێتەوە، بەڵکو پرۆسەیەکی فرەڕەهەند و گشتگیر و بەردەوامە کە ئامانج لێی گۆڕینی زانیارییەکانە بۆ نەریتی کرداری ڕۆژانە، تا بتوانین کلتووری پارێزگاریکردن لە ژینگە لە ناخی منداڵەکانماندا وەک ڕەفتارێکی هەمیشەیی، هۆشیارانە و جێگیر بچەسپێنین کە لە هەموو قۆناغەکانی ژیانیاندا ڕەنگبداتەوە.




