لە ئامادەیی وایزی ناحکومی، بڕوامان وایە کە پەروەردە تەنها فێربوونی زانست نییە،
بەڵکو چاندنی تۆوی مرۆڤدۆستی و هاوسۆزییە لە ناخی خوێندکاراندا. لەم چوارچێوەیەدا و وەک بەشێک لە پڕۆژە گشتگیرەکانی کۆمەڵگەی پەروەردەیی وایز لەسەرجەم قۆناغەکاندا، پڕۆژەی "ئێمە هاوکار و پشتیوانی تۆین"مان بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کرد.
ئەم پڕۆژەیە بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی ئەو خوێندکارە ئازیزانە ڕاگەیەندرا کە لە خوێندنگە حکومییەکاندا دەخوێنن و بەهۆی بارودۆخی بژێوی یان لەدەستدانی باوکیانەوە، پێویستیان بە هاوکاری و پشتیوانی هەیە. خوێندکارانی ئێمە بە ڕۆحیەتێکی بەرزەوە بەشدارییان لەم پڕۆژەیەدا کرد بە شێوەیەک کە خوێندکارانی هەر پۆلێک لە ئامادەییەکەمان، ئەرکی پشتیوانیکردنی خوێندکارانی بێباوک یان کەمدرامەتیان لە ئەستۆ گرت. ئەم هاوکارییانە تەنها بۆ جارێک نەبوو، بەڵکو بەدرێژایی ساڵی خوێندن بەردەوام بوو، بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی ئەو خوێندکارانە بەبێ هیچ گرفتێکی دارایی دەتوانن درێژە بە خوێندنەکەیان بدەن.
ئەم دەستپێشخەرییە کۆمەڵێک سوودی گەورەی بۆ خوێندکارانی قوتابخانەکەمان هەبوو، لەوانە:
١ - چاندنی ڕۆحی بەخشین: خوێندکاران فێربوون کە چۆن لە بەشێک لە دارایی خۆیان ببەخشن بۆ دڵخۆشکردنی کەسانی تر. ٢- هەستکردن بە بەرپرسیارێتی: دروستکردنی هەستی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی بەرامبەر بە چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە. ٣ - بەهێزکردنی هاوسۆزی: تێگەیشتن لە ئازار و پێویستییەکانی هاوتەمەنەکانیان و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی بارگرانییەکانیان. ٤ - پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان: دروستکردنی پردێکی مرۆیی لە نێوان خوێندکارانی کەرتی تایبەت و کەرتی حکومی.
پەیامی ئێمە ئێمە لە ئامادەیی وایزی ناحکومی، شانازی بە خوێندکارەکانمانەوە دەکەین کە سەلماندیان نەوەیەکی دڵسۆز و میهرەبانن. پڕۆژەی "ئێمە هاوکار و پشتیوانی تۆین" تەنها پڕۆژەیەکی هاوکاری نەبوو، بەڵکو وانەیەکی کردەیی بوو لە مرۆڤایەتی کە تا هەتایە لە یادەوەری خوێندکارەکانماندا دەمێنێتەوە.




