لە چوارچێوەی کار و چالاكییە بەردەوامەکانی بەشی پەروەردە لە دامەزراوەکانی وایز، و بە ئامانجی هاوکاریکردنی خێزانەکان لە پەروەردەکردنی نەوەیەکی تەندروست، مانگانە کار لەسەر هەڵمەتێکی تایبەت دەکەین. یەکێک لە سەرکەوتووترین و کاریگەرترین هەڵمەتەکانمان لەم ساڵی خوێندنەدا، هەڵمەتی "خۆم خۆشدەوێت" بوو.
ئەم هەڵمەتە تەنها دروشمێک نەبوو، بەڵکو پڕۆگرامێکی پراکتیکی بوو کە بە درێژایی مانگەکە، هەم لەناو باخچە و هەم لە ماڵەوە لەگەڵ دایکان و باوکان کاری لەسەر کرا. 🎯 ئامانجی سەرەکی هەڵمەتی خۆشدەوێت :- هاندانی منداڵان بوو بۆ ڕێزگرتن لە خۆیان و خۆشویستنی خودی خۆیان. ئێمە بڕوامان وایە کە خۆشویستنی خود، یەکەم قەڵغانە بۆ پاراستنی منداڵ. کاتێک منداڵ نرخ و بەهای خۆی دەزانێت، دەتوانێت خۆی لەم دوو لایەنە سەرەکییە بپارێزێت: 🛡️ پاراستنی جەستەیی: منداڵ فێر دەبێت چۆن گرنگی بە تەندروستی، خاوێنی و خواردنی خۆی بدات، و چۆن سنووری جەستەی خۆی بپارێزێت لە هەر زیانێک. 🧠 پاراستنی دەروونی: گەشەکردنی توانای ڕەتکردنەوەی وشە بریندارکەرەکان، ناسینی هەستەکانی خۆی (وەک تووڕەیی و دڵتەنگی) و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا بە شێوازێکی تەندروست. 🏡 گرنگی ئەم هەڵمەتە لەوەدا بوو کە هاوتەریب و هاوکات بوو؛ ئەو چەمکانەی منداڵەکە لە باخچە لە ڕێگەی چیرۆک، یاری و چالاكییەوە فێری دەبوو، لە ماڵەوەش لەلایەن دایکان و باوکانەوە لە ڕێگەی ڕەفتاری ڕۆژانەوە ڕەنگدانەوەی دەبوو، ئەمەش وایکرد کە هۆشیارییەکی ڕاستەقینە لە دەروونی منداڵەکەدا بچەسپێت.
"کاتێک منداڵێک فێر دەکەین بڵێت 'خۆم خۆشدەوێت' لە ڕاستیدا کلیلی سەرکەوتن و پارێزگاری لە ژیانی داهاتووی پێدەبەخشین."




