لە ناوەندی پەروەردەیی وایز، پێوەرەکانی ئێمە بۆ پێگەیاندنی قوتابی لەسەر بنەمای (ڕێزگرتنی قووڵ و هاوسەنگی) دامەزراوە. زۆرجار لە جیهانی پەروەردەدا وێنایەک هەیە کە ڕێزگرتن لە قوتابی کورت دەکاتەوە لە جێبەجێکردنی هەموو خواستەکانی یان پێدانی نازی زیادە ؛ بەڵام ئێمە لە وایزدا دیدگایەکی زانستیتر و قووڵترمان هەیە بۆ ئەم چەمکە.
لای ئێمە، ڕێزگرتن لە قوتابی واتە: ڕێزگرتن لە ژیرییەکەی، گوێگرتن لە بیرۆکەکانی، پاراستنی کەرامەتی، و ناسینی تواناکانی. کاتێک قوتابی هەست دەکات کە وەک مرۆڤێکی خاوەن توانا سەیر دەکرێت، متمانە بەخۆبوونی گەشە دەکات. بەڵام ئەم ڕێزە هەرگیز بە واتای پێدانی نازی بێ سنوور یان چاوپۆشی لە هەڵەکان نایەت کە زیان بە کەسایەتی قوتابییەکە بگەیەنێت. پەروەردەی هاوچەرخ دەیسەلمێنێت کە پێدانی نازی زیادە و نەبوونی سنوور لە مامەڵەکردندا، منداڵ بەرەو پشتپێبەستنی ڕەها و لاوازی لە ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکاندا دەبات. کاتێک قوتابی فێر دەکرێت کە هەموو شتێک بەبێ ماندووبوون بەدەست دێت و هیچ ڕێسایەک نییە ڕێگری لێ بکات، لە داهاتوودا ناتوانێت بەرگەی بەرپرسیارێتییەکانی ژیانی ڕاستەقینە بگرێت. چۆن لە وایزدا هاوسەنگی دەپارێزین؟ • دانانی سنووری ڕوون و دادپەروەرانە: یاساکانی قوتابخانە بۆ هەمووان وەک یەکن. قوتابی فێر دەبێت کە ئازادیی ئەو لەو شوێنەدا کۆتایی دێت کە ئازادی و مافی ئەوانی تر دەست پێ دەکات. • پەروەردەکردن بۆ سەربەخۆیی: ئێمە ڕێز لە قوتابی دەگرین بەوەی دەرفەتی پێدەدەین کێشەکانی خۆی بە دەستی خۆی و بە ڕێنمایی ئێمە چارەسەر بکات، نەک ئەوەی کارەکانی لەبری ڕاپەڕێنین. • سەرزەنشتکردنی ئەرێنی نەک شکاندن: کاتێک قوتابی هەڵەیەک دەکات، ئێمە ڕەفتارەکەی ڕاست دەکەینەوە بەبێ ئەوەی دەستکاری کەرامەت و کەسایەتی بکەین. خۆشەویستی ڕاستەقینە بۆ قوتابی ئەوە نییە کە ڕێگای پێبدەین هەموو سنوورەکان ببەزێنێت، بەڵکو ئەوەیە کە فێری بکەین چۆن ڕێز لە یاسا، لە دەوروبەر و لە خۆی بگرێت. تیمی وایز بە وردی کار لەسەر ئەم هاوسەنگییە دەکات؛ چونکە ئامانجی ئێمە دروستکردنی نەوەیەکی بەهێز، بەرپرس و خاوەن بڕیار تێگەیشتنە بۆ داهاتوو. کاتێک ڕەسەنایەتی دەبێتە ناسنامەی خوێندن لە جیهانی هاوچەرخی پەروەردەدا، زانست بەبێ کلتور وەک دارێکی بێ ڕەگ وایە. لە دیدی پەروەردەیی وایزدا، ئێمە تەنها پڕۆگرامی زانستی ناڵێینەوە، بەڵکو پارێزەری ئەو ناسنامە و کلتورە ڕەسەنەین کە مێژوومان بونیاد دەنێت. وایز تەنها قوتابخانە نییە، بەڵکو سەرمەشق و ناوەندێکی زیندووە بۆ زیندوو ڕاگرتنەوەی بەها کوردییەکان لە دڵی نەوەی نوێدا. ڕازانەوەی ناوەندەکانمان بە عەشقی کوردستان لە بۆنە کلتوری و نەتەوەییەکاندا، وەک ڕۆژی سلێمانی، ڕۆژی ئاڵا، تەواوی باڵەخانە و لقەکانی وایز (لە باخچەوە تا ئامادەیی) بەرگێکی تەواو کوردیانە دەپۆشن. فەزای قوتابخانەکانمان دەبێتە تابلۆیەکی ڕەنگاوڕەنگی فۆلکلۆری تا دڵی هەر قویتابیەک بە عەشقی خاک و نیشتمان لێبدات. کلتور لای ئێمە تەنها بۆ قوتابیان نیە، بەڵکو خێزانەکانیش بەشێکی سەرەکین لەم پرۆسەیە. لە و ڤیستیڤاڵی زستانی کوردستان دا، دەرگا بۆ سەرجەم دایکان و باوکان دەکرێتەوە و وەک میوانی ئازیزی وایز پێشوازییان لێدەکرێت. پێشکەشکردنی خواردنە کلتوری و ڕەسەنە کوردییەکان بە میوانان، بەشێکە لەو نەریتی میواندارییەی کە دەمانەوێت لەم ژینگەیەوە بیپارێزین و بیدەینە دەست نەوەکانی داهاتوومان.
زمان کۆڵەکەی سەرەکی کلتورە. بۆ ڕێگریکردن لە شێواندنی زمانی دایک و دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی وشەی قوتابییەکانمان، لە وایزدا پێشبڕکێی تایبەتی (وشە و هاوواتاکان) ڕێکدەخرێت. لەم چالاکییەدا قوتابییان هاندەدرێن بگەڕێنەوە سەر ڕەسەنایەتی زمانی کوردی و وشە قووڵ و پەسەندەکان بەکاربهێنن، ئەمەش وایان لێدەکات بە شانازییەوە بە زمانی دایک بدوێن.
لە وایزدا، مێژوو تەنها چەند لاپەڕەیەکی وشک نییە لە ناو کتێبدا. ئێمە کەسایەتییە مەزن و ناودارەکانی کوردیان لە مێژوودا (سەرکردەکان، شاعیران، و زانایان) هێناوەتە ناو ناوەڕۆکی بابەتەکانمانەوە. ئەوان وەک سەرمەشق و نموونەی باڵای سەرکەوتنی مرۆڤی کورد بە قوتابییان دەناسرێن، تا منداڵەکانمان لە تەمەنێکی زووەوە بزانن لەسەر چ زەوییەکی پڕ لە شانازی گەورە دەبن. پاراستنی کلتور، پاراستنی دواڕۆژمانە. لە وایز، قوتابی فێر دەبێت کە بە یەک دەست تەکنەلۆژیا و زانستی سەردەم بگرێت، و بە دەستەکەی تریش کلتور و ڕەسەنایەتی خۆی بپارێزێت. ئەمە ئەو جیاوازییە ڕاستەقینەیەیە کە شانازی پێوە دەکەین.




