ئایا فێربوونی قسەکردن بە زمانێکی بیانی، بەسە بۆ ئەوەی بڵێین لەو زمانەدا شارەزاین؟ بە گشتی هەر زمانێک لە چەند کارامییەک پێکهاتووە: گوێگرتن، قسەکردن، خوێندنەوە و نووسین. هەر یەکێک لەم کارامەییانە، بە تەنها جیهانێکی سەربەخۆیە. دواجار بۆ بەهێزکردنی ئاستی زمانەوانەی هەر زمانێک پێویستی بە دەست و پەنجە نەرم کردن هەیە لە تەک هەر یەکێکیاندا. زمانی ئینگلیزی، بەتایبەتی کارامەیی نووسین و چۆنیەتی پەرەپێدانی، دەبێتە بابەت و تەوەری سەرەکیی ئەم ژمارە نوێیەمان.
ئیمە لە وایز، بە گرنگییەوە دەڕوانینە زمانی ئینگلیزی و زمانی یەکەمی قوتابخانە و خوێندنگاکانمانە. لە هەمان تێڕوانینەوە هەنگاو دەنێین بۆ دەوڵەمەندتر کردنی زمانی ئینگلیزی قوتابییەکانمان بە تەرخانکردنی ژینگەیەکی لەبار و دیاریکردنی پڕۆگرامی گونجاو. هاوکاری و خەمخۆری مامۆستا دڵسۆزەکانمان لە یاد نەچێت کە هەڵگری قورسترین بەرپرسیارێتین لە پێکەوە گرێدانی ژینگە، پڕۆگرام و زانیاری لە خزمەت قوتابییە ئازیزەکانمان. بەدەر لە پرۆگرامە دیاریکراوەکان و یاسا ڕێزمانییەکان، ئێمە لە وایز چەند هەنگاوێکی نوێمان گرتۆتە بەر لە بەرەوپیشبردنی ئاستی نووسینی قوتابییەکان. ستراتیژییەکە بریتییە لە شوێنکردنەوەی هەنگاوی داهێنەرانە لە نێوان ئەو چوارچێوە زانستییە دیاریکراوەدا. هەر ساڵیکی خوێندن لە دوو وەرز پێکدێت. لە وەرزی یەکەمدا بە شێوەیەکی سیستەماتیکی بەهێزکردنی ئاستی خوێندنەوە ئەرکی سەرەکییە لە پاڵ تەکنیکە تیۆرییەکانی نووسیندا. پاشان، لە وەرزی دووەم، ئەو تەکنیکە تیۆریانە بە شێوەیەکی کردەیی ئەنجامدەدرێن لە ڕێگەی نیشاندانی وێنەوە و قوتابیان تێگەیشتنی خۆیان لەسەر هەر وێنەیەک دەنووسنەوە. لێرەدا بەکارهێنانی هەستی بینین کلیلی سەرکەوتنە. ئەم وێنانە سەرجەمیان بە پێی پلانێکی پێش وەختە ئامادە دەکرێن و پەروەردەیین و هەڵگری پەیامێکی زانستی یاخود مرۆڤایەتین. قوتابیان بۆ ماوەی وەرزێک هەوڵی تێگەیشتنی وێنەکان دەدەن و پاشان تەکنیکە تیۆرییەکانی وەرزی یەکەم دەبەستەوە بە باسکردن یاخود وەسفکردنی وێنەکان لە ڕێگەی پەرەگرافێک یاخود زیاترەوە. فێربوونی زمان بە شێوەیەکی زانستی و سیستەماتیکی پێویستی بە ئاڵانگاری نوێ هەیە. ڕاستە ژینگە و پڕۆگرام ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن، بەڵام مامۆستا و پلانی کاریگەر دوو سەرەکیترین هۆکارن بۆ گەیشتن بەو کارامەییانەی گەیشتن پێان ئاسان نییە. ئێمە لە وایز توانیومانە ئەم دەستکەوتە زانستییە بۆ قوتابیان و خوێندکارانمان فەراهەم بکەین.




