لە ئامادەیی وایزی ناحکومی، بڕوامان وایە کە کتێب باشترین هاوڕێی مرۆڤە و خوێندنەوە تەنها ئەرکێکی خوێندنگە نییە، بەڵکو کلیلە بۆ کرانەوەی دەرگاکانی مەعریفە وپێگەیاندنی نەوەیەکی هۆشیار. هەر بۆیە، یەکێک لە ستراتیژیترین پڕۆژەکانمان،
پڕۆژەی بەکلتوورکردنی خوێندنەوە بوو، کە ئامانج لێی گۆڕینی خوێندنەوە بوو بۆ خویەکی ڕۆژانەی بەردەوام.
ئەوەی ئەم پڕۆژەیەی سەرخست، بەشداری کارای هەموو لایەک بوو. ئەمە تەنها پڕۆژەی خوێندکاران نەبوو، بەڵکو: ١- خوێندکاران: بە تامەزرۆییەوە ڕوویان لە کتێبخانە کرد و تینوێتی خۆیان بە زانستە جۆراوجۆرەکان شکاند. ٢- خێزانەکان: دایک و باوکی خوێندکاران بوونە پشتیوانێکی گەورە و لە ماڵەوە ژینگەیەکی گونجاویان بۆ خوێندنەوەی ڕۆڵەکانیان ڕەخساند. ٣- مامۆستایان و ستاف: وەک نموونەیەکی باڵا، مامۆستایان و ستافی کارگێڕی خۆیان پێشەنگ بوون لە خوێندنەوە و هاندانی خوێندکاران.
بۆ هاندانی زیاتری خوێندکاران و بەرزنرخاندنی هەوڵەکانیان، لە کۆتایی ساڵی خوێندندا کێبڕکێیەکی دۆستانە ئەنجامدرا. ئەو خوێندکارانەی کە توانیبوویان زۆرترین کتێب بخوێننەوە و سوودی لێ ببینن، وەک خوێندکاری خوێنەر دیاریکران و بە خەڵاتی شایستە و ڕێزلێنان خەڵاتکران.
پەیامی ئێمە
خوێندنەوە ئاسۆی بیرکردنەوە فراوان دەکات و مرۆڤ لە تاریکی نەزانی ڕزگار دەکات. ئێمە لە ئامادەیی وایزی ناحکومی بەردەوام دەبین لە سەرخستنی ئەم کلتوورە، چونکە دەزانین نەتەوەیەک بخوێنێتەوە، نەتەوەیەکە هەرگیز ناشکێت.
خوێندنەوە چرایە، با پێکەوە داهاتووی پێ ڕۆشن بکەین.




