لە چوارچێوەی پڕۆژە مرۆییە گەورەکەی ئامادەییمان و لە کاتێکی زۆر هەستیار و ناهەمواردا کە خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاوای
کوردستان ڕووبەڕووی سەختییەکانی جەنگ و ئاوارەیی ببوونەوە، ئامادەیی وایزی ناحکومی نەبووە تەماشاکار، بەڵکو بووە بەشێک لە خەمخۆری و پشتیوانی بۆ خەڵکی خۆڕاگری ڕۆژئاوا. ئێمە بڕوامان وایە کە خوێندنگە تەنها شوێنی فێربوونی پیتەکان نییە، بەڵکو شوێنی فێربوونی هەڵوێستە نەتەوەییەکانە. هەر بۆیە، بە بەشدارییەکی کەم وێنەی خوێندکاران و خێزانە بەڕێزەکانیان، هەڵمەتێکی فراوانمان بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری دەستپێکرد.
بە پشتیوانی دڵسۆزانەی دایک و باوکی خوێندکارەکانمان، توانرا بڕێکی زۆر لە پێداویستییە سەرەکییەکان کۆبکرێتەوە، لەوانە:
١- پێداویستی خۆراک: تهواوی ئهو كهرهسته خۆراكیانهی كه بۆ ژیانی ڕۆژانە پێویست بوون. ٢- جل و بەرگ: دابینکردنی پۆشاکی گونجاو بۆ منداڵان و گەورەساڵان بۆ پاراستنیان لە سەرما و ناهەمواری کەشوهەوا. ٣- هاوکاری دارایی: کۆکردنەوەی بڕە پارەیەکی شایستە بۆ کڕینی پێداویستییە بەپەلە پزیشکی و مرۆییەکان.
گەیاندنی پەیامی هاوسۆزی
ئەم هاوکارییانە تەنها ماددی نەبوون، بەڵکو پەیامێکی پڕ لە مانا بوون لە خوێندکارانی ئێمەوە بۆ هاوتەمەنەکانیان لە ڕۆژئاوا، کە پێیان بڵێن: ئێمە لە ئازارەکانتان تێدەگەین و لەگەڵتانین. دوای کۆکردنەوە و ڕێکخستنی سەرجەم هاوکارییەکان، بە ڕێکارێکی گونجاو گەیەنرانە دەستی خوشک و براکانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان.
سوپاس و پێزانین دەستخۆشی لە یەکە یەکەی خوێندکارە ئازیزەکانمان و خێزانە بەڕێزەکانیان دەکەین کە بە ڕۆحیەتێکی کوردییانە و مرۆڤدۆستانە، بەشداربوون لە سەرخستنی ئەم ئەرکە پیرۆزە. ئێوە سەلماندتان کە "وایز" تەنها ناوێک نییە، بەڵکو ناوەندێکە بۆ پێگەیاندنی نەوەیەک کە خاوەن هەڵوێست و دڵسۆزی نیشتمانەکەی بێت. ئێمە هاوکار و پشتیوانی تۆین.. لە هەر شوێنێکی ئەم نیشتمانە بیت.
ڕاگەیاندنی ئامادەیی وایزی ناحکومی




